پۆلیسی‌ كۆسۆڤۆ 15 كه‌س به‌تۆمه‌تی‌ پشتیوانی‌ داعش ده‌ستگیرده‌كات

17 سبتمبر, 2014 02:48 م

54 0

ئاوێنه‌نیوز: سایتی‌ رۆیته‌رز له‌سه‌ر زاری‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ پۆلیسی‌ كۆسۆڤۆوه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، رایگه‌یاند، 15 كه‌سیان له‌ناو جیاجیاكانی‌ وڵاته‌كه‌یان ده‌ستگیركردوه‌‌و رونیشیكرده‌وه‌، تۆمه‌ته‌كانیان بریتیه‌ له‌ "تیرۆر‌"و هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌سیستمی‌ ده‌ستوری‌‌و هاندان‌و چاندنی‌ توندوتیژی‌ ئاینی‌ ده‌گرێته‌وه‌.

وتیشی‌، هه‌ندێك له‌و كه‌سانه‌ له‌پرۆسه‌یه‌كدا ده‌ستگیركراون كه‌ به‌یانی‌ ئه‌مڕۆ ئه‌نجامدراوه‌، ئاماژه‌شیدا، له‌نێو ده‌ستگیركراواندا ئیمامێكی‌ دیاری‌ مزگه‌وتی‌ گه‌وره‌ له‌بریشتینای‌ پایته‌خت هه‌یه‌ سه‌ره‌ڕای‌ سه‌ركرده‌ی‌ پارتێكی‌ سیاسی‌ كه‌ ره‌گێكی‌ ئیسلامیانه‌ی‌ هه‌یه‌.

لای‌ خۆیه‌وه‌ باقی‌ كه‌یلانی‌، وته‌بێژ به‌ناوی‌ پۆلیس رایگه‌یاند، زۆرینه‌ی‌ ده‌ستگیركراوان ئیمامی‌ مزگه‌وته‌ جیاوازه‌كانن كه‌ تایبه‌تن به‌تایفه‌ی‌ موسوڵمان له‌كۆسۆڤۆ.

له‌ 11ی‌ ئابی‌ رابردو هه‌ڵمه‌تێكی‌ تری‌ هاوشێوه‌ له‌و وڵاته‌ ئه‌نجامدرا‌و تیایدا 40 كه‌س به‌گومانی‌ به‌شداریكردن له‌جه‌نگ له‌عێراق‌و سوریا یان ناونوس‌و هاندانی‌ توندڕه‌وان ده‌ستگیركران.

زۆرینه‌ی‌ دانیشتوانی‌ كۆسۆڤۆ كه‌ ژماره‌یان 1.8 ملیۆن كه‌سه‌ موسوڵمانی‌ به‌ڕه‌گه‌ز ئه‌لبانی‌-ن‌و تا راده‌یه‌ك له‌ژێر سایه‌ی‌ شێوازێكی‌ ژیانی‌ عیلمانی‌ ژیان به‌سه‌رده‌بن.

لای‌ خۆیه‌وه‌ وته‌بێژ به‌ناوی‌ تایفه‌ی‌ ئیسلامی‌ كه‌ كاری‌ راسپاردنی‌ ئیمامه‌كان ده‌كات رایگه‌یاند، كه‌س له‌سه‌رو یاساوه‌ نیه‌، ئه‌گه‌ر سه‌لمێنرا كه‌ فه‌رمانبه‌ره‌كانیان هه‌ڕه‌شه‌ن بۆسه‌ر سیستمی‌ ده‌ستوری‌ هه‌موان یه‌كسان ده‌بن له‌به‌رده‌م یاسادا.

له‌ئێستادا مه‌ترسییه‌كانی‌ كشانی‌ یاخیبون‌و توندڕه‌وی‌ بۆ دانیشتوانی‌ موسوڵمانی‌ ده‌وڵه‌تانی‌ تری‌ ناوچه‌ی‌ به‌لقان وه‌ك سڕبیا‌و بۆسنه‌ زیادیكردوه‌، له‌كاتێكدا زانراوه‌ كه‌ چه‌ندانیان رویان له‌جه‌نگ‌و نێو چه‌كدارانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست كردوه‌.

به‌پێی‌ وته‌ی‌ به‌رپرسانی‌ هه‌واڵگری‌ له‌كۆسۆڤۆ له‌نێوان 100 بۆ 200 هاوڵاتی‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌جه‌نگدان له‌هه‌ریه‌ك له‌عێراق‌و سوریا، له‌كاتێكدا به‌پێی‌ هه‌ندێك له‌زانیارییه‌كان به‌ته‌نها له‌مساڵدا 20 چه‌كداری‌ كۆسۆڤۆیی‌ له‌ململانێكاندا كوژراون.

مصدر: awene.com

إلى صفحة الفئة

Loading...