پارێزگاری سلێمانی پڕۆژه‌ شوێنه‌وارییه‌كان به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌

18 سبتمبر, 2014 08:43 ص

81 0

به‌هرۆز محه‌مه‌د ساڵح، پارێزگاری‌ سلێمانی‌ به‌ یاوه‌ری‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ شوێنه‌واری‌ سلێمانی‌ و ژماره‌یه‌ك له‌ دۆستانی‌ كه‌له‌پور و مێژووی‌ سلێمانی‌ ژماره‌یه‌ك له‌ پڕۆژه‌كانی‌ نوژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ خانووه‌ كه‌له‌پوری‌ و مێژووییه‌كانی‌ سلێمانی‌ به‌سه‌ركرده‌وه‌.

له‌ به‌سه‌ركردنه‌وه‌كه‌دا پارێزگار له‌ نزیكه‌وه‌ له‌ ئاستی‌ پێشكه‌وتن و چۆنێتی‌ به‌ڕێوه‌چوونی‌ كاری‌ پڕۆژه‌كانی‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ شوێنه‌واره‌كانی‌ سلێمانی‌ پرسیه‌وه‌و ده‌ستخۆشی‌ له‌ ستافی‌ جێبه‌جێ‌ كار و سه‌رپه‌رشتیاری‌ پڕۆژه‌كان كرد له‌به‌رامبه‌ر درێژه‌پێدانی‌ كاری‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌كان و گه‌یاندنی‌ پڕۆژه‌كان به‌ ئاستێكی‌ باش.

له‌به‌سه‌ركردنه‌وه‌كه‌دا پارێزگار هه‌ریه‌ك له‌ پڕۆژه‌ی‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ هۆتیل فه‌ره‌ح و بینای‌ سه‌راو ماڵی‌ شێخ مه‌حمود و ماڵی‌ سۆفی‌ كه‌ریم و ماڵی‌ ره‌وفی‌ سه‌راف و بینای‌ یه‌كه‌م نه‌خۆشخانه‌ی‌ سلێمانی‌ و ماڵی‌ عه‌لی مام شێخه‌ی به‌سه‌ركرده‌وه‌.

هۆتێل (فه‌ره‌ح) كۆنترین هۆتێلی سلێمانی ئه‌ژمار ده‌كرێت و مێژووی‌ دروست كردنی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 1920 و ده‌كه‌وێته‌ نزیك شه‌قامی مه‌وله‌وی سلێمانی و بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌كه‌ی له‌سه‌ر بودجه‌ی پارێزگابه‌ بری 1,800 ملیار دیناری بۆ ته‌رخانكراوه‌و له‌ ئێستاشدا نزیكه‌ی‌ له‌ 70%ی‌ كاره‌كانی‌ ته‌واو بووه‌و بریاره‌ له‌ چه‌ند مانگی‌ داهاتوودا كاره‌كانی‌ ته‌واو بكرێت و دوای‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ هۆتێله‌كه‌و ناوچه‌كه‌ی ده‌وروبه‌ری ده‌كرێته‌ بازارێكی كه‌له‌پوری بۆ كرین و فرۆشتی بابه‌ته‌ كه‌له‌پورییه‌كان.

ماڵی‌ شێخ مه‌حمودی‌ نه‌مر: ئه‌ویش یه‌كێكه‌ له‌ پڕۆژه‌ شوێنه‌وارییه‌ گرنگه‌كانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ و مێژووی‌ بیناكه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تای‌ سه‌ده‌ی‌ بیست و ئه‌و بینایه‌ وه‌ك به‌شێك له‌ یادگارییه‌كانی‌ مێژووی‌ سیاسی‌ سلێمانی‌ سه‌یرده‌كرێت چونكه‌ ماڵی‌ یه‌كه‌مین مه‌لیكی‌ كوردستان بووه‌ و پڕۆژه‌ی‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ یه‌ك ملیار و 500 هه‌زار دیناری له‌سه‌ر بودجه‌ی پارێزگا بۆ ته‌رخانكراوه‌و له‌ كاره‌كانی‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ بیناكه‌ش له‌ ته‌واوبوون نزیك بووه‌ته‌وه‌و بڕیاره‌ دوای‌ ته‌واوبوونی‌ وه‌ك مۆزه‌خانه‌یه‌ك تایبه‌ت به‌ ژیان و خه‌باتی‌ شێخ مه‌حمود سودی‌ لێ‌ وه‌ربگیرێت.

ماڵی‌ سۆفی‌ كه‌ریم: یه‌كێك له‌ بینا كه‌له‌پوری‌ و مێژووییه‌كانی‌ سلێمانی‌ و مێژووی‌ دروست كردنی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی‌ 1890، بیناكه‌ له‌ئێستادا به‌بڕی‌ 447 ملیۆن دینار كاری‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر ده‌كرێت نزیكه‌ی‌ 60%ی‌ كاره‌كانی‌ ته‌واو بووه‌.

ماڵی‌ ره‌وف سه‌راف: بینایه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ گه‌ڕه‌كی‌ سابونكه‌رانی‌ سلێمانی‌ و مێژووی‌ دروستكردنی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی‌ 1932، كاره‌كانی‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و بینایه‌ش له‌ كۆتایی‌ نزیك بووه‌ته‌وه‌ و بڕیاره‌ وه‌ك هۆتێلێكی‌ كه‌له‌پوری‌ له‌ لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ شوێنه‌واری‌ سلێمانییه‌وه‌ سودی‌ لێ‌ وه‌ربگیرێت.

ماڵی ره‌شید عوسمان چاوه‌یش: یه‌كێكه‌ له‌ بینا كۆنه‌كانی سلێمانی و له‌ساڵی 1885 له‌سه‌ر رووبه‌ری 1000 مه‌تر دووجا له‌سه‌ر ده‌ستی وه‌ستای كورد و فارس و تورك بونیاد نراوه‌، پاشان بیناكه‌ له‌كاتی‌ هاتنی‌ ئینگلیزه‌مان بۆ سلێمانی‌ كراوه‌ به‌ نه‌خۆشخانه‌و به‌ یه‌كه‌م نه‌خۆشخانه‌ی‌ سلێمانی‌ داده‌نرێت، بیناكه‌ له‌ئێستادا له‌سه‌ر بودجه‌ی پارێزگا به‌نزیكه‌ی 700 ملیون دینار نۆژه‌ن ده‌كرێته‌وه‌و كاری‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌كه‌ش به‌ره‌و پێشچوونی‌ باشی‌ به‌خۆیه‌وه‌ دیووه‌و بڕیاره‌ به‌هاری‌ ئاینده‌ سه‌رجه‌م كاره‌كانی‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌كه‌ ته‌واو بكرێت.

ماڵی عه‌لی مام شێخه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ بینا كۆنه‌كانی سلێمانی ساڵی 1920 بونیاد نراوه‌و له‌سه‌ر بودجه‌ی پارێزگا به‌بڕی 500 ملیون دینار له‌لایه‌ن شوێنه‌واری سلێمانییه‌وه‌ نۆژه‌ن ده‌كرێته‌وه‌.

جگه‌له‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م بینایانه‌ كه‌ به‌ به‌های نزیكه‌ی سێ ملیارد و 600 ملیۆن دینار له‌سه‌ر بودجه‌ی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ له‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌دان، نزیكه‌ی 17 بینای كه‌له‌پور و مێژووی‌ تری سلێمانی له‌ هاوڵاتیان كڕدراونه‌ته‌وه‌و كراون به‌ ناوی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌واری سلێمانی به‌به‌های زیاتر له‌ 10 ملیار دینار.

سه‌رجه‌م بیناكانیش كراون به‌ ناوی شوێنه‌واری سلێمانییه‌وه‌و ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ش به‌شێوه‌ی‌ جێ به‌جێ‌ كردنی‌ راسته‌وخۆ پڕۆژه‌ی‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌یان بۆ ئه‌نجام ده‌دات و بڕیاره‌ ساڵانه‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ به‌شێك له‌و بینایانه‌ له‌ پلانی‌ پرۆژه‌كانی‌ پارێزگای‌ سلێمانیدا دابنرێت و بودجه‌ی بۆ ته‌رخان بكرێت.

مصدر: xendan.org

إلى صفحة الفئة

Loading...