پاره‌ی‌ چوار مانگی‌ ئاو له‌ هاوڵاتیان وه‌رناگیرێت

17 سبتمبر, 2014 09:13 ص

60 0

پاره‌ی‌ چوار مانگی‌ ئاو له‌ هاوڵاتیان وه‌رناگیرێت

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ ئاو و ئاوه‌ڕۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دوای‌ مانگێكی‌ دیكه‌ ده‌ست به‌ دانانی‌ پێوه‌ری‌ ئاو ده‌كات ‌و به‌رامبه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ كه‌ هاوڵاتی‌ ده‌یدا به‌ پێوه‌ری‌ ئاو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ ئاو و ئاوه‌ڕۆ پاره‌ی‌ چوار مانگی‌ ئاو له‌ هاولاَتیانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌رناگرێت.

ئه‌ندازیار سه‌هه‌ند سیروان به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ ئاو و ئاوه‌ڕۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌ خه‌ندانی‌ راگه‌یاند: دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ پێنج پێوه‌ر له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی‌ تایبه‌تی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ ئاو ئاوه‌ڕۆ هه‌ڵبژێردران، له‌ یه‌كێ‌ له‌ تاقیگه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ولاَت پشكنیان بۆ كراو ته‌نها سێ‌ پێوه‌ر له‌وان ده‌رچوون كه‌ هی‌ ئه‌ڵمانیا ‌و ئیتاڵیا و توركیان و به‌پێی‌ ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ش كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ ئاو و ئاوه‌ڕۆ داوای‌ كردبوون ، دوو له‌و پێوه‌رانه‌ش په‌سند نه‌كران بۆ به‌كارهێنان.

وتیشی‌: "نرخی‌ پێوه‌ره‌كان ‌و به‌ستنیشی‌ بۆ هاولاَتیان دیاریكراوه‌، به‌لاَم له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ كه‌ هاوولاَتی‌ ده‌یدات بۆ كڕینی‌ پێوه‌ره‌كه‌، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ ئاو و ئاوه‌ڕۆ چوار مانگ پاره‌ی‌ ئاو له‌ هاولاَتیان وه‌رناگیرێت".

ئه‌ندازیار سه‌هه‌ند سیروان ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ نرخی‌ پێوه‌ری‌ ئه‌ڵمانی‌ به‌ به‌ستنه‌وه‌37 هه‌زار و 250 دیناره‌ ‌و پێوه‌ری‌ به‌یلانی‌ توركی‌ به‌ 38 هه‌زار و 500 دیناره‌، پێوه‌ری‌ ئیتالیش به‌ به‌ستنه‌وه‌ به‌ 43 هه‌زار و 250 دیناره‌.

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد: "پێوه‌ری‌ ته‌كنیكی‌ ئاو دوای‌ مانگێكی‌ دیكه‌ ده‌ست به‌ به‌ستنی‌ ده‌كرێت، له‌هه‌ر شارێك دوو بنكه‌ی‌ فرۆشتن و له‌هه‌ر شارۆچكه‌یه‌كیش یه‌ك بنكه‌ی‌ فرۆشتن دیاری‌ ده‌كرێت و هاولاَتی‌ خۆی‌ ئازاده‌ له‌وه‌ی‌ كامه‌ پێوه‌ر هه‌ڵده‌بژێرێت، بۆ پرۆسه‌ی‌ به‌ستنی‌ پێوه‌ره‌كانیش میكانیزمێك جێبه‌جێ‌ ده‌كه‌ین تا زۆرترین ئاسانكاری‌ بۆ هاولاَتیان بكه‌ین".

به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ ئاو و ئاوه‌ڕۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رونیشیكرده‌وه‌: "ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی‌ كه‌ ته‌نده‌ری‌ هێنانی‌ پێوه‌ره‌كانیان بۆ ده‌رچووه‌ ئاگاداركردنه‌وه‌ی‌ تایبه‌ت له‌سه‌ر ڤۆڵده‌رێك ده‌به‌نه‌ ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ی‌ كه‌ به‌پێی‌ پلانی‌ خۆیان له‌ماوه‌ی‌ شه‌ش هه‌فته‌دا كاری‌ له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، هه‌ر ڤۆڵده‌رێك ده‌خه‌نه‌ ماڵی‌ هه‌ر هاوولاَتیه‌ك و تێیدا ئاگاداری‌ ئه‌و ماڵه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌و ماوه‌یه‌ ده‌ست به‌ به‌ستنی‌ پێوه‌ری‌ ئاو ده‌كرێت ، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌و ماوه‌یه‌دا له‌ماڵ بن".

ته‌ئكیدیشی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و هاولاَتییه‌ نه‌یتوانی‌ له‌و ماوه‌یه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ ئاماده‌ بێت ده‌توانێت له‌ رۆژێكی‌ دیكه‌دا سه‌ردانی‌ بنكه‌كانی‌ فرۆشتنی‌ پێوه‌ره‌كان بكات له‌ شارو شارۆچكه‌كان و تیمه‌كان ئاگادار بكاته‌وه‌ بۆ به‌ستنی‌ پێوه‌ره‌كان، ئه‌گه‌ر له‌و ماوه‌یه‌شدا دوا كه‌وت و نه‌یبه‌ست ئه‌وا بۆ هه‌ر مانگێك 100 هه‌زار دینار غه‌رامه‌ ده‌كرێت.

سه‌هه‌ند سیروان وتی‌: "دوای‌ ئه‌و چوار مانگه‌ی‌ پاره‌ی‌ ئاو له‌هاوڵاتی‌ وه‌رناگیرێت بۆ هه‌ر 30 مه‌تر سێجایه‌كی‌ ئاو 12 هه‌زار دینار وه‌رده‌گیرێت، ئه‌گه‌ر بووه‌ 40 مه‌تر سێجا ئه‌وا 22 هه‌زار دینار وه‌رده‌گیرێت ‌و ئه‌گه‌ر بووه‌ 50 مه‌تر سێجا 32 هه‌زار دینار وه‌رده‌گیرێت ‌و ئه‌گه‌ر بووه‌ 60 مه‌تر سێجا ئه‌وا 42 هه‌زار دینار وه‌رده‌گیرێت، بۆ 70 مه‌تر سێجاش 52 هه‌زار دینار و بۆ 90 مه‌تر سێجاش 82 هه‌زار دینار و بۆ 130 مه‌تریش 177 هه‌زار دینار وه‌رده‌گیرێت".

مصدر: xendan.org

إلى صفحة الفئة

Loading...