به‌له‌مه‌وانه‌كانی‌ ده‌ریاچه‌ی دوكان بێكار ده‌بن

17 سبتمبر, 2014 03:28 م

47 0

"ئێوه‌ كه‌ له‌ئاوه‌كه‌ ده‌ڕوانن خۆشی‌ ده‌بینن، ئێمه‌ش له‌ له‌بێ‌ ئیشیدا هێنده‌ سه‌یری‌ ده‌ریاچه‌كه‌مان كردوه‌ خه‌فه‌تبار بوین" به‌له‌مه‌وانێك له‌ده‌ریاچه‌ی‌ دوكان وه‌های‌ به‌گه‌شتیارێك وت.

خۆره‌كه‌ له‌لوتكه‌ی‌ چیاكه‌ ته‌واو نزیكببویه‌وه‌‌و له‌ئاوابوندا بو، به‌چه‌شنێك تیشكه‌كانی‌ به‌سه‌ر ئاوی‌ زێكه‌دا زیوین ده‌هاته‌به‌رچاو چه‌ند گه‌شتیارێكیش له‌قه‌راغ ئاوه‌كه‌دا خه‌ریكی‌ راوه‌ماسی‌ بون به‌قولاب‌و هه‌ندێكی‌ تریش سه‌رقاڵی‌ وێنه‌گرتن بون، ئاوه‌كه‌ش جار ناجارێك شه‌پۆلێكی‌ هێواشی‌ ده‌دا، چه‌ند گه‌نجێكیش له‌سه‌ر به‌له‌مێك دانیشتبون، ئه‌وانه‌ خاوه‌نی‌ ئه‌و به‌له‌مانه‌ بون كه‌ له‌به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی‌ بڕێك پاره‌ گه‌شتیاران به‌ده‌ریاچه‌كه‌دا ده‌سوڕێنه‌وه‌.ئه‌ویش به‌ته‌نها له‌سه‌ر یه‌كێك له‌و ریزه‌ به‌له‌مه‌ی‌ له‌قه‌راغ ئاوه‌كه‌دا له‌نگه‌ریان گرتبو دانیشتبو، روخساری‌ وه‌ها ده‌هاته‌به‌رچاو كه‌ خه‌فه‌تباری‌ شتێك بێت، كاتێك ئاماده‌كه‌ری‌ ئه‌م راپۆرته‌ پرسیاری‌ كار‌و كه‌سابه‌تی‌ لێكرد، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ زوتر خۆی‌ بۆ پرسیارێكی‌ له‌و جۆره‌ ئاماده‌كردبێت خێرا هاته‌ قسه‌‌و وتی‌ "كاروكه‌سابه‌تی‌ چی‌؟ بۆ پاره‌ ماوه‌ تا خه‌ڵك بۆ فڕه‌یه‌كی‌ ناو ئاوه‌كه‌ خه‌رجی‌ بكات؟" كاتێك زانی‌ قسه‌كانی‌ بۆ رۆژنامه‌یه‌‌و پرسیاری‌ ناوی‌ لێكرا وتی‌ "هه‌ر بنوسه‌ (حه‌مه‌)".

محه‌مه‌د روخساری‌ له‌گه‌نجێكی‌ ته‌مه‌ن سه‌رو 30 ساڵ ده‌چوو ده‌ست‌و قاچه‌كانی‌ پێچه‌وانه‌ی‌ روخساری‌ ته‌واو سپی‌ بون‌وئه‌وه‌یان نیشان ده‌دا كه‌ ده‌مێك ساڵه‌سه‌وداسه‌ری‌ له‌گه‌ڵ ئاودا هه‌یه‌، وه‌ك خۆی‌ باسی‌ ده‌كات 12ساڵه‌ له‌زێی‌ دوكان كار ده‌كات‌و كاره‌كه‌شی‌ به‌و جۆره‌یه‌ له‌به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی‌ بڕێك پاره‌ گه‌شتیاران به‌به‌له‌مه‌كه‌ی‌ به‌ناو ئاوی‌ زێكه‌دا ده‌سوڕێنێته‌وه‌، ئه‌و به‌حه‌سره‌تێكی‌ زۆره‌وه‌ باسی‌ له‌وه‌ ده‌كرد كه‌ هیچ كاتێك هێنده‌ی‌ ئه‌مساڵ بێ‌ ئیشیی‌ نه‌بوه‌، ئه‌و كه‌ قاچێكی‌ له‌سه‌ر به‌له‌مه‌كه‌‌و ئه‌وه‌كه‌ی‌ تریشی‌ له‌ناو ئاوه‌كه‌دابوده‌یوت "پار تۆزێك له‌ئه‌مساڵ باشتربو گه‌شتیاری‌ عه‌ره‌ب زۆرتر بو، به‌ڵام ئه‌مساڵ ئه‌وانیش زۆر كه‌مبونه‌ته‌وه‌، ئاخر كه‌ خه‌ڵك پاره‌ی‌ كه‌مبو یان مه‌عاشی‌ پێنه‌درا چۆن دڵی‌ خۆش بێت‌و بێت بۆ سه‌یران پاره‌ خه‌رج بكات؟". محه‌مه‌د ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا له‌بێكاریدا ته‌نها نییه‌ هه‌مو هاوڕێ‌ به‌مه‌له‌وانه‌كانی‌ تریشی‌ كه‌ 35 كه‌سێك ده‌بن هه‌مان گرفتیان هه‌یه‌.

مه‌هدی‌ كه‌ یه‌كێك بو له‌هاوڕێكانی‌ هه‌مان گرفتی‌ محه‌مه‌دی‌ به‌زیاده‌وه‌ باسكردو وتی‌ "ساڵانی‌ رابردو رۆژانی‌ خۆمان ده‌كه‌وتین، به‌ڵام دوهه‌فته‌ زیاتره‌ كه‌سێكم بار نه‌كردوه‌" مه‌هدی‌ ئه‌وه‌شی‌ خسته‌رو هه‌ندێ‌ جار به‌وه‌ دڵخۆشی‌ خۆیان ده‌ده‌نه‌وه‌ كه‌ بێ‌ ئیشیه‌كه‌ ته‌نها ئه‌وانی‌ نه‌گرتۆته‌وه‌، به‌ڵكو له‌سه‌رجه‌م هه‌رێمه‌كه‌دا ئیش‌و كار زۆر كه‌مبۆته‌وه‌ "وه‌ڵاتێك شه‌ڕ‌و ئاواره‌یه‌كی‌ زۆری‌ تیابێت زۆرینه‌ی‌ خه‌ڵكه‌كه‌شی‌ موچه‌خۆربن‌و چه‌ند مانگێكیش موچه‌یان دواكه‌وتبێت، ئیتر چۆن گه‌شتیار رو له‌ئێره‌ ده‌كات‌و پاره‌ خه‌رج ده‌كات".

هه‌مو ئه‌و خاوه‌ن به‌له‌مانه‌ ناسنامه‌ی‌ تایبه‌تیان بۆ كراوه‌، وه‌ك خۆیان باسی‌ ده‌كه‌ن به‌پێی‌ رێنماییه‌كانی‌ گه‌شتوگوزار كار ده‌كه‌ن، محه‌مه‌د ئه‌وه‌شی‌ خسته‌رو كه‌ زۆرێك له‌به‌له‌مه‌كانیان (شه‌ش مه‌تر به‌پێنج مه‌تر‌و نیون)‌و بۆیان هه‌یه‌ هه‌ر جاره‌ی‌ 10گه‌شتیار بار بكه‌ن، به‌ڵام له‌به‌ر سه‌لامه‌تیی‌ ئه‌وان حه‌وت گه‌شتیار زیاتر هه‌ڵناگرنله‌باره‌ی‌ نرخیشه‌وه‌ وتی‌ "بۆ حه‌وت نه‌فه‌ر زیاتر له‌30خوله‌كێك ده‌یانسوڕێنینه‌وه‌ به‌35هه‌زار دینار". سه‌باره‌ت به‌جۆری‌ گه‌شتیاره‌كانیشیان ئه‌و وتی‌ "له‌به‌هاراندا گه‌شتیاری‌ كورد زۆرتره‌ له‌هاوینانیشدا عه‌ره‌ب".

به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گه‌شتوگوزاری‌ قه‌زای‌ دوكان ئه‌ندازیار مه‌ولود محه‌مه‌د ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌مساڵ ژماره‌ی‌ گه‌شتیاران به‌به‌راورد به‌ساڵی‌ رابردو كه‌میكردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ژماره‌یه‌ك ده‌خاته‌روو ده‌ڵێت "ساڵی‌ رابردو نزیكه‌ی‌ 24هه‌زار گه‌شتیار هاتونه‌ته‌ دوكان، به‌ڵام ئه‌مساڵ تائێستا 15هه‌زارێكه‌، ساڵانی‌ رابردو كابینه‌كان هه‌ر به‌رنه‌ده‌كه‌وتن، به‌ڵام ئێستا به‌و جۆره‌ نییه‌، هه‌ردو ژماره‌كه‌ش ئه‌وانن كه‌ له‌شه‌وێك زیاتر ماونه‌ته‌وه‌ نه‌ك ئه‌وانه‌ی‌ بۆ سه‌یرانكردن هاتون‌و رۆیشتون".

ناوبراو ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌رو كه‌ نه‌ك به‌ته‌نها به‌له‌مه‌وانه‌كان، به‌ڵكو كاری‌ زۆربه‌ی‌ چین‌و توێژه‌كانی‌ تری‌ دوكانیش وه‌كو هه‌مو كوردستان كه‌می‌ كردوه‌.

مصدر: awene.com

إلى صفحة الفئة

Loading...