منداڵان وه‌ك یه‌كه‌مین قوربانی‌ مه‌ترسیه‌كانی‌ داعش

16 سبتمبر, 2014 12:27 م

55 0

له‌به‌شێكی‌ زۆری‌ كوچه‌و كۆڵانه‌كانی‌ ناوچه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، كاتێك منداڵان پێكه‌وه‌ گه‌مه‌ ده‌كه‌ن، دوباره‌كردنه‌وه‌ی‌ دیمه‌نه‌كانی‌ جه‌نگ‌و خۆنواندن وه‌ك كاراكته‌ری‌ جه‌نگ، بوه‌ته‌ خه‌سڵه‌تی‌ سه‌ره‌كی‌ هه‌ڵسوكه‌وته‌كانیان.

یاد عه‌بدوڵای‌ ته‌مه‌ن 5 ساڵ، كاتێك له‌یه‌كێك له‌كۆڵانه‌كانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ له‌گه‌ڵ هاوته‌مه‌نه‌كانیدا سه‌رقاڵی‌ یاریكردن بو، ئاره‌زوی‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌كرد رۆڵی‌ كه‌سێكی‌ چه‌كدار ببینێت‌و منداڵه‌كانی‌ هاوڕێشی‌ وه‌ك نه‌یاری‌ خۆی‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌م رێگه‌یه‌وه‌ هه‌مان ئه‌و دیمه‌نی‌ جه‌نگانه‌ دوباره‌بكاته‌وه‌ كه‌ له‌شاشه‌ی‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه‌ بینیونی‌.

له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی‌ گروپێكی‌ توندڕه‌و به‌ناوی‌ داعش له‌سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ رابردو له‌ناوچه‌كانی‌ موسڵ‌و ده‌وروبه‌ری‌‌و تێكچونی‌ دۆخی‌ ئه‌منیی‌ عێراق، ئه‌وه‌نده‌ی‌ نه‌برد ئه‌م دۆخه‌ ناجێگیره‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیشی‌ گرته‌وه‌و هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ش كه‌وتنه‌ ئاماده‌باشی‌ بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی‌ ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی‌ له‌لایه‌ن ئه‌و گروپه‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان دروستبو، كه‌ تا ئێستاش رۆژانه‌ دیمه‌نه‌كانی‌ پێكدادان‌و جه‌نگ له‌لایه‌ن كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاندنه‌وه‌ ده‌گوازرێنه‌وه‌و ئه‌م دیمه‌نانه‌ش به‌ر له‌هه‌مو كه‌س، كاریگه‌ریی‌ خراپی‌ له‌سه‌ر منداڵان داناوه‌.

یاد وه‌ك له‌قسه‌كانی‌ دیاره‌، كه‌وتۆته‌ ژێر كاریگه‌ریی‌ مه‌ترسیه‌كانی‌ داعش, ئه‌و ساته‌ی‌ له‌كۆڵان یاری‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیدا ده‌كرد، جگه‌ له‌ده‌مانچه‌و شمشێر هیچی‌ تری‌ پێنه‌بو. یاد حه‌زیده‌كرد ئه‌و دیمه‌نانه‌ی‌ شه‌ڕ دوباره‌بكاته‌وه‌ كه‌ له‌راگه‌یاندنه‌كاندا بینیبونی‌.

دایكی‌ یاد به‌ده‌م چاودێریكردنی‌ منداڵه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ئاوێنه‌ی‌ راگه‌یاند، "له‌گه‌ڵ هاتنی‌ داعش، كوڕه‌كه‌مان داوای‌ ئه‌وه‌ی‌ لێده‌كردین كه‌ ده‌مانچه‌و كڵاوی‌ بۆ بكڕین, پێیده‌وتین كه‌ من پۆلیسم".

یاد نمونه‌ی‌ چه‌ندین منداڵه‌ كه‌ به‌هۆی‌ ئه‌و باره‌ی‌ راگه‌یاندنه‌كان دروستیانكردوه‌ له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ توندوتیژیه‌كانی‌ داعش توشی‌ حاڵه‌تێكی‌ ده‌رونیی‌ ناجێگیر بونه‌ته‌وه‌. مامۆستایه‌كی‌ ده‌رونییش پێیوایه‌ ده‌بێت "راگه‌یاندن به‌شێوه‌یه‌كی‌ په‌روه‌رده‌ییانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌واڵ‌و دراماو گرته‌و به‌رنامه‌كانیاندا بكات‌و ئه‌وه‌ بزانن كه‌ به‌هه‌ندوه‌رگرتنی‌ باری‌ ده‌رونی‌ تاك زۆر گرنگتره‌ له‌زیادبونی‌ بینه‌رو خوێنه‌ر، هه‌ر بابه‌تێك كه‌ ده‌یانه‌وێت دایبه‌زێنن ئه‌وا پێویسته‌ باره‌ سایكۆلۆژیه‌كه‌ش به‌هه‌ند وه‌ربگرن".

مامۆستای‌ ده‌رونناس، ته‌ها حوسێن، له‌باره‌ی‌ رۆڵی‌ خراپی‌ راگه‌یاندن له‌م روه‌وه‌ به‌ئاوێنه‌ی‌ راگه‌یاند، "به‌شێك له‌ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندن‌و پێگه‌ ئه‌لكترۆنیه‌كان، ئه‌وه‌ی‌ خۆیان ده‌یانه‌وێت‌و بزانن ده‌بێته‌ هۆی‌ په‌یداكردنی‌ بینه‌رو خوێنه‌ری‌ زۆر، ئه‌وا بێگوێدانه‌ باری‌ ده‌رونیی‌ تاك په‌خشی‌ ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌و هه‌ڵه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و په‌روه‌رده‌ییانه‌ی‌ كه‌ كارێكی‌ نێگه‌تیڤ ده‌كاته‌ سه‌ر باری‌ ده‌رونیی‌ منداڵ‌و دواتر له‌گه‌وره‌ییدا ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ به‌شێك له‌كه‌سێتی‌‌و له‌ره‌فتاره‌كانیدا ڕه‌نگده‌داته‌وه‌".

هه‌روه‌ها له‌باره‌ی‌ ئه‌و نه‌خۆشیه‌ ده‌رونیانه‌ی‌ كه‌ له‌منداڵ ده‌رده‌كه‌ون، ته‌ها پێیوایه‌، "وێنه‌و گرته‌و دراما توندوتیژیه‌كان، ڕه‌نگه‌ كاریگه‌ریه‌كی‌ ده‌رونیی‌ خراپ له‌شێوه‌ی‌ گرفت یان نه‌خۆشی‌ ده‌رونیی‌ لای‌ منداڵ به‌جێبهێڵن‌و منداڵ به‌شێوه‌یه‌كی‌ نائاسایی‌ ره‌فتار بكات، بۆ نمونه‌ (فۆبیا – ترس) یه‌كێكه‌ له‌و حاڵه‌تانه‌ی‌ كه‌ به‌شێك له‌منداڵان له‌ئه‌نجامی‌ بینینی‌ دیمه‌نێكی‌ توندوتیژی‌، یاخود ئه‌نجامدانی‌ توندوتیژی‌ به‌رامبه‌ری‌ دروستده‌بێت، به‌گشتی‌ باری‌ ده‌رونیی‌ ده‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ریی‌ ئه‌و دیمه‌ن‌و گرتانه‌ی‌ كه‌ ده‌یانبینێت".

به‌بۆچونی‌ ئه‌و ده‌رونناسه‌، منداڵ له‌رێگه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ وه‌ریده‌گرێت‌و به‌هۆی‌ پڕۆسه‌ی‌ لاسایكردنه‌وه‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌وه‌، كه‌سێتی‌ خۆی‌ دروستده‌كات‌و گه‌شه‌ی‌ پێده‌دات جا ئه‌گه‌ر هاتو ئه‌وه‌ی‌ كه‌ وه‌ریده‌گرێت توندوتیژی‌‌و خوێنڕشتن بو، ئه‌وا ئه‌گه‌ری‌ زۆره‌ ئه‌و منداڵه‌ له‌داهاتودا ببێته‌ كه‌سێكی‌ شه‌ڕه‌نگێزو ده‌مارگیر.

هاوكات فایه‌ق سه‌عید پسپۆڕی‌ بواری‌ په‌روه‌رده‌ش پێیوایه‌ "جەنگ هاوسەنگیی پرۆسەی بونیادی مەعریفی منداڵەکان لەسەر دو ئاست تێکدەدات‌و ئەمەش لەوانەیە 20 ساڵ درێژە بکێشێت. لەلایەکی دیکەوە میدیاکان لەدڵسافی‌و دڵسۆزیی خۆیانەوە رۆڵێکی زۆر خراپ لەم بوارەدا دەبینن کە لەرۆڵی نێگەتیڤانەی خودی جەنگەکە کەمتر نیە".

سه‌عید به‌ئاوێنه‌ی‌ راگه‌یاند، "ئەو منداڵانە لەباشترین حاڵەتدا توشی جۆرە تراومایەک دەبنەوە، کە بۆ ماوەیەکی یەکجار زۆر لەگەڵیاندا دەمێنێتەوە. ئەو تراومایانە لەسەر ئاستی کورتخایەن وەکو نەخۆشیی فیسیۆلۆجی‌و جەستەیی دەردەکەون، ئەمەشیان تا رادەیەک پۆزتیفە بەبەراورد لەگەڵ ئاستی درێژخایەن کە دەبێتە هۆکاری لەدایکبونی نەخۆشیی دەرونیی".

مصدر: awene.com

إلى صفحة الفئة

Loading...