مانگێكه‌ هادی عامری‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی یه‌كێتیه‌ له‌ گه‌رمیان

15 سبتمبر, 2014 03:33 م

51 0

پاش گه‌مارۆدانی ناحیه‌ی ئامرلی(توركمانی شیعه‌)ه‌‌و به‌رگریكردنیان بۆ ماوه‌ی‌ دوو مانگ، رێكخراوی به‌در به‌سه‌رپه‌رشتی هادی عامری‌و به‌ هاوكاری‌ له‌گه‌ڵ سوپای عیراق‌و پاسدارانی ئێران‌و میلیشیاكانی تری‌ وه‌ك (سه‌رایالسه‌لام، كه‌تیبه‌كانی حیزبوالله هێزێكی گه‌وره‌یان هێنایه‌ گه‌رمیان‌و دواتر توانیان له‌2/9 هه‌ردوو ناحیه‌ی‌ ئامرلی‌‌و سلێمان به‌گ كۆنترۆڵ بكه‌ن، ئه‌وه‌بوو هێنانی ئه‌م هێزه‌ی‌ میلیشیا شیعه‌كان‌و سوپای‌ عێراق مشتومڕی جیاوازی لێكه‌وته‌وه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ ئه‌مه‌ل عمران، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای‌ دیاله‌، له‌ لێدوانێكدا بۆ ئاوێنه‌نیوز وتی "كاتێك عامری هاتووه‌ته‌ ناوچه‌ی‌ دیاله‌و خانه‌قین هیچ پرسێكیان به‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ دیاله‌ نه‌كردووه‌، به‌ڵكو هه‌ر لای مه‌لا به‌ختیارو مه‌حمود سه‌نگاوی‌ بووه‌و له‌نێو خۆیاندا كۆبوونه‌وه‌یان كردووه‌."

راشیگه‌یاند كه‌ "ده‌بوایه‌ كاتێك عامری له‌نێو پارێزگای‌ كه‌ركوكدا ئه‌و قسه‌یه‌ به‌رامبه‌ر پێشمه‌رگه‌ كرد، نه‌جمه‌دین كریم پارێزگاری‌ كه‌ركوك‌و په‌رله‌مانتاری عیراق وه‌لاَمی بدایه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ماوه‌ی‌ مانگێكه‌ ئه‌و به‌رپرسانه‌ی‌ یه‌كێتی له‌گه‌ڵیدان‌و رێككه‌وتن ده‌كه‌ن، ئیتر نازانم بۆ ئه‌و قسه‌یه‌ ده‌كات."

هه‌رچه‌نده‌ ده‌وترێت یه‌كێتی له‌و سنوره‌ خزمه‌تی عامری و هێزه‌كه‌ی‌ كردووه‌، به‌لاَم به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی خانه‌قینی یه‌كێتی شێركۆ میروه‌یس له‌ لێدوانێكدا بۆ ئاوێنه‌نیوز ئه‌و وته‌یه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت "ئێمه‌ خزمه‌تی‌ كه‌سمان نه‌كردووه‌، به‌ڵكو له‌و سنوره‌ نزیكین له‌یه‌كترییه‌وه‌و هه‌ماهه‌نگی سه‌ربازیمان هه‌بووه‌ له‌دژی ئه‌و مه‌ترسییه‌ی‌ رووی‌ كردووه‌ته‌ عیراق‌و كوردستان، جگه‌ له‌و هه‌ماهه‌نگی‌و كاری‌ هاوبه‌شه‌ هیچی دیكه‌مان پێكه‌وه‌ باسنه‌كردووه‌."

ئه‌و هێزه‌ی‌میلیشیا شیعه‌كان نزیكه‌ی‌ 3000 چه‌كدار ده‌بن‌و له‌ئێستادا باره‌گای‌ دابه‌شكراونه‌ته‌ سه‌ر قه‌لاَكه‌ی‌ كفری، چوار ره‌بیه‌ی پۆلیسی ئاماده‌یی سلێمانی له‌ باشوری‌ شارۆچكه‌ی‌ كفری‌ هه‌ر ره‌بیه‌یه‌ك زیاتر له‌50 چه‌كداری‌ تێدایه‌.

میروه‌یس ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌ كه‌ عامری وتویه‌تی‌ سكالاَ له‌سه‌ر ئه‌و كه‌ناڵه‌ تۆمار ده‌كات كه‌ قسه‌كه‌ی‌ ئه‌وی به‌و شێوه‌یه‌ باسكردووه‌و قسه‌ی‌ واینه‌كردووه‌، بۆیه‌ هه‌ر كه‌سێك سوكایه‌تی‌ به‌خه‌باتی‌ پێشمه‌رگه‌ بكات لێی قبوڵناكات.

وتیشی‌، "ئه‌گه‌ر تێگه‌یشتنی ئه‌وان به‌و شێوه‌یه‌ بێت، ئه‌وا به‌و هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری خۆماندا ده‌چینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزانه‌ی‌ له‌م سنوره‌ بوونیان هه‌یه‌و ناتوانین له‌گه‌ڵ كه‌سێك هاوكاریمان هه‌بێت كه‌ پێزانینی نه‌بێت بۆ ره‌نج و فیداكاری‌ پێشمه‌رگه‌."

رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 31/8 عامری هاتووه‌ته‌ نێو قه‌زای‌ كفرییه‌وه‌و سه‌ردانی‌ به‌نداوی باوه‌شاسواری‌ كردووه‌، هه‌روه‌ها له‌وه‌ی‌ ماوه‌ی‌ مانگێكه‌ له‌ناوچه‌ی خانه‌قین و جه‌له‌ولاو سه‌عدیه‌و دوزخورماتوو سه‌رپه‌رشتی ئه‌و هێزه‌ی‌ به‌در ده‌كات، وه‌ك باسده‌كرێت عامری ئێستا له‌ناوچه‌ی‌ كفری و دوزخورماتووه‌.

مصدر: awene.com

إلى صفحة الفئة

Loading...