كۆماری بیلاڕوسیا پێشنیازی ئه‌نجامدانی‌ گه‌وره‌ترین پڕۆژه‌ی كشتوكاڵی له‌ هه‌رێم ده‌خاته‌ڕوو

17 سبتمبر, 2014 01:01 م

49 0

كۆماری بیلاڕوسیا پێشنیازی ئه‌نجامدانی‌ پرۆژه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ كشتوكاڵی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كات، وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش پشتیوانی‌ بۆ پرۆژه‌كه‌ ده‌رده‌بڕێت.

ئه‌مڕۆ عه‌بدولستار مه‌جید وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو پێشوازی‌ له‌ وه‌فدێكی‌ كۆماری‌ بیلاڕوسیا كرد پێكهاتبوو له‌ ڤلادیمێر مه‌كی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری بیلاڕوسیا و ئه‌ندرێێ ساڤینی باڵیۆزی كۆماری بیلاڕوسیا له‌ عیراق و دڵشاد عه‌بدوڵا نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ توركیا و دوو نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی ئه‌و وڵاته‌.

له‌ دیداره‌كه‌دا كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتی دیوان و پلان و به‌دواداچوون و توێژینه‌وه‌ و رێنمایی كشتوكاڵ ئاماده‌ی بوون، سه‌ره‌تا باڵیۆزی كۆماری بیلاڕوسیا به‌ تێروته‌سه‌لی ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ وه‌زاره‌ت روونكرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ بیلاڕوسیا وڵاتێكی پیشه‌سازی و كشتوكاڵیی پێشكه‌وتووه‌، دواتر باس له‌ پرۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی كشتوكاڵی كرا كه‌ سه‌ره‌تا له‌سه‌ر گه‌نم ئه‌نجام ده‌درێت و پرۆژه‌كه‌ش له‌سه‌ر رووبه‌رێكی هه‌زار هكتار زه‌وی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌خرێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و بریتییه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنانی گه‌نم هه‌ر له‌ قۆناغه‌كانی چاندنه‌وه‌ تاكو دروێنه‌ و به‌كۆگاكردنی له‌ سایلۆ، شانبه‌شانی خزمه‌تگوزارییه‌كانی ئیداری و ته‌كنیكی و ئه‌لیكترۆنی و ئاودێری و پێشكه‌شكردنی راوێژ و شاره‌زایی بۆ كارمه‌ندانی كشتوكاڵی به‌شدار له‌ پرۆژه‌كه‌.

باڵیۆزی كۆماری بیلاڕوسیا روونیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م پڕۆژه‌ نموونه‌ییه‌ به‌ سه‌ركه‌وتوویی ته‌واوبوو، ئه‌وا ده‌توانێت 3 هه‌زار ته‌ن گه‌نم به‌رهه‌م بهێنێت و دواتر له‌سه‌ر به‌روبوومی دیكه‌ی سه‌وزه‌ و میوه‌ش جێبه‌جێ بكرێت، هه‌روه‌ك ده‌بێته‌ بنكه‌یه‌ك بۆ راهێنان و توێژینه‌وه‌ بۆ كادیرانی كشتوكاڵ.

لای‌ خۆیه‌وه‌وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی بیلاڕوسیا دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان ئاماده‌ن بۆ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ت و ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری و به‌شداریكردن له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستان كه‌ به‌ راستی سه‌لماندوویه‌تی كه‌ به‌رده‌وام له‌ پێشكه‌وتن و به‌ره‌وپێشچووندایه‌ له‌ سه‌رجه‌م بواره‌كاندا، روونیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان له‌ وڵاتی خۆیان گه‌یشتوونه‌ته‌ ته‌واوكاریی ئابووری هه‌رچه‌نده‌ ژماره‌ی دانیشتوانیان كه‌مه‌ و تواناشیان هه‌یه‌ به‌روبوومی خۆماڵی خۆیان هه‌نارده‌ بكه‌ن و 68%ی بودجه‌كه‌شیان له‌م رێگه‌یه‌وه‌ دابین ده‌كه‌ن.

لای خۆیه‌وه‌ وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو خۆشحاڵیی خۆی به‌و خاڵانه‌ ده‌ربڕی و ئاماده‌یی وه‌زاره‌تی بۆ هاوكاریكردن له‌ گه‌ڵ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار له‌ كۆماری بیلاڕوسیا دووپات كرده‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی خزمه‌تكردنی كه‌رتی كشتوكاڵ و ئامانجی وه‌زاره‌تی بۆ وه‌فدی میوان شرۆڤه‌كرد كه‌ بریتییه‌ له‌ گه‌یشتن به‌ ئاسایشی خۆرك و ئاو.

وه‌زیری كشتوكاڵ جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ بواری كشتوكاڵدا پێویستی به‌ شاره‌زایی وڵاتانی پێشكه‌وتوو هه‌یه‌ به‌ تایبه‌تیش كه‌ بیلاڕوسیا وڵاتێكی پێشكه‌وتووه‌ له‌ بواری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو، تاكو ئه‌زموونی خۆیان له‌م رووه‌وه‌ به‌ كوردستان بگه‌یه‌نن.

جه‌ختیشی‌ له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ وه‌زاره‌ت ئاماده‌یه‌ وه‌فدێك له‌ هه‌موو بواره‌كان و شاره‌زایان ره‌وانه‌ی بیلاڕوسیا بكات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ به‌ بیرۆكه‌ی پرۆژه‌كه‌ ئاشنابن تاكو دواتر به‌ هاوكاریی هه‌ردوو لا بخرێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

مصدر: xendan.org

إلى صفحة الفئة

Loading...