قایمقامی‌ سلێمانی‌ له‌سه‌ر كێشه‌ی‌ شۆفێری‌ پاسه‌كان بۆ خه‌ندان ده‌دوێت

17 سبتمبر, 2014 11:45 ص

35 0

قایمقامی‌ سلێمانی‌ له‌سه‌ر كێشه‌ی‌ شۆفێری‌ پاسه‌كان بۆ خه‌ندان ده‌دوێت

قایمقامی‌ سلێمانی‌ سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ی‌ كه‌می‌ دابینكردنی‌ بڕی‌ به‌نزین بۆ پاسه‌كانی‌ سلێمانی‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ هه‌وڵی‌ به‌رده‌وامدان بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ ئه‌و گرفته‌ ‌و داواشیان له‌ وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتیه‌كان كردووه‌ بڕی‌ به‌نزینی‌ هه‌فتانه‌ی‌ پاسه‌كان له‌ 80 لیتره‌وه‌ بكرێته‌ 150 لیتر.

ئاوات محه‌مه‌د قایمقامی‌ سلێمانی‌ سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ی‌ شۆفێرانی‌ هێڵی‌ پاسه‌كان، بۆ خه‌ندان وتی‌: "ئێمه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ‌ زیادكردنی‌ نرخی‌ كرێی‌ هاتووچۆی‌ پاسه‌كان نین ‌و له‌هیچ شۆفێرێكیشی‌ قبوڵ‌ ناكه‌ین نرخ له‌سه‌ر هاوڵاتیان زیاد بكه‌ن".

وتیشی‌: "له‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردوودا قسه‌مان له‌گه‌ڵ‌ نوێنه‌ری‌ شۆفێری‌ پاسه‌كان كرد ‌و داوامان لێكردن چه‌ند رۆژێك هاوكارمان بن هه‌تا كێشه‌كه‌یان بۆ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئه‌مڕۆ خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدا ‌و ئێمه‌ش له‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌رده‌وامداین له‌گه‌ڵ‌ پارێزگار ‌و وه‌زیری‌ سامانه‌ سروشتیه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كه‌یان".

ئاوات محه‌مه‌د ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا كه‌ داوایان له‌ وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتیه‌كان كردووه‌ بڕی‌ به‌نزینی‌ هه‌فتانه‌ی‌ هێڵی‌ پاسه‌كان له‌ 80 لیتره‌وه‌ بكرێته‌ 150 لیتر ‌و چاوه‌ڕێن ره‌زامه‌ندی‌ له‌سه‌ر بدرێت.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ش كه‌ هاوڵاتیان چۆن هاتووچۆ بكه‌ن له‌كاتێكدا شۆفێری‌ پاسه‌كان مانیان گرتووه‌، قایمقامی‌ سلێمانی‌ وتی‌: "هه‌تا ئه‌و كاته‌ی‌ شۆفێری‌ پاسه‌كان مانگرتنه‌كه‌یان ده‌شكێنن هاوڵاتیان ده‌توانن هۆكاره‌كانی‌ تری‌ هاتووچۆ به‌كاربهێنن بۆ هاتووچۆكردنیان".

به‌یانی‌ ئه‌مڕۆ هێڵی‌ پاسه‌كانی‌ (به‌كره‌جۆ، عه‌واڵ‌، راپه‌ڕین) له‌به‌رده‌م سه‌رۆكایه‌تی‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌ خۆپیشاندانێكیان ئه‌نجامدا بۆ زیادكردنی‌ نرخی‌ به‌نزین ‌و دواتر له‌لایه‌ن پۆلیسی‌ چالاكیه‌ مه‌ده‌نیه‌كان بڵاوه‌یان پێكرا ‌و له‌ئێستاشدا شۆفێره‌كانی‌ ئه‌و هێڵانه‌ پاسه‌كانیان له‌ گه‌راجه‌كانیان راگرتووه‌ ‌و كار ناكه‌ن، كه‌ ئه‌مه‌ش گرفتی‌ هاتووچۆ بۆ هاوڵاتیان دروست ده‌كات.

مصدر: xendan.org

إلى صفحة الفئة

Loading...