سەرۆكی پەرلەمانی توركیا: پشت بەخوا وڵاتانی خۆرئاوا متمانە بە PKK ناكه‌ن

17 سبتمبر, 2014 04:09 م

47 0

ئاوێنه‌نیوز، ئه‌نادۆڵ: جەمیل چیچەك، سەرۆكی پەرلەمانی توركیا، لە میانه‌ی‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ مۆگەنس لەی كەتۆف، سەرۆكی پەرلەمانی دانیمارك‌و شاندێكی یاوه‌ری ئه‌مڕۆ(چوار شه‌ممه‌) رایگه‌یاند ھێشتا پارتی كرێكارانی كوردستان، PKK لە توركیا چالاكی نایاسایی ئەنجام دەدات‌و "رێگا دادەخاو خەڵك دەرفێنێ‌و ئەگەر دەرفەتی دەستكەوێ ئەوا ھێرشی سەربازیش ئەنجام دەدا."

وتیشی‌، "تەنیا دوێنێ سێ قوتابخانەیان سووتاند ئایا لەمەوە دڕندانەتر شتێكی دیكە دەبێ؟ ئەگەری ئەوە ھەبوو لەوێ منداڵە قوتابییەكان گیانیان لەدەستدابا. بە ھۆی شەڕی پەكەكە لە دژی تیرۆریستانی داعشەوە وڵاتانی ئەوروپا وردەوردە خەریكە دەبنە دۆست ولایەنگری پەكەكە، پشت بەخوا وڵاتانی خۆرئاوایی متمانە بەو جۆرە شتانە ناكەن چونكە پەكەكە ھێشتا ھەر رێكخراوێكی تیرۆریستییە."

وتیشی‌، "ئێمە وەكو توركیا لە دژی ھەر جۆرە تیرۆرو رێكخراوێكی تیرۆریستین جا با رێكخراوێكی ئەتنیكی بێ یان رێكخراوێكی ئاینی، چونكە توركیا لە دەستی رێكخراوە تیرۆریستییەكاندا زۆری كێشاوە و رەنگە تاقە وڵات بێ لە جیھان كە ئەوەندە ئێشی بەدەستی تیرۆریستان كێشاوە بۆیە لە دژی ھەر جۆرە تیرۆرو رێكخراوێكی تیرۆریستییە."

جەمیل چیچەك ئه‌وه‌شی‌ راگه‌یاند كه‌ "پێویستە كۆمەڵگەی جیھانی زۆر بە باشی ھەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی عێراق‌و سوریا بكات‌و نابێ ھەڵەكانی رابردووی دووبارە بكاتەوەو پێویستە كۆمەڵگەی جیھانی ھەڵوێستێكی روون‌و ئاشكرای لە بەرامبەر رێكخراوە تیرۆریستییەكاندا ھەبێ."

چیچەك وتیشی،"دەزانم كۆمەڵگەی جیھانی چاوەڕوانییەكی زۆر گەورەی لە توركیا لە بەرامبەر سوریا و عێراقدا ھەیە پێویستە هەموو تاكێك خۆی بخاتە شوێنی توركیاو ئینجا چاوەڕوانی ھەڵوێستێك لە توركیا بكات. بەو جۆرە كە لە دوورەوە دەبینرێ رووبەرووی كێشەیەكی بچووك نەبووینەوە، پرسەكە زۆر ئاڵۆز و نالەبارە، ئەوانەی كە دەڵێن با توركیا وا بكات و وا نەكات، بەبێ ئەوەی خۆیان بخەنە شوێنی توركیا چاوەڕوانی ھەڵوێست لە توركیا دەكەن."

چیچەك باسی رێژەی ئەو ئاوارە سوری‌و عێراقییانەی كرد كە بە ھۆی ئەو ئاڵۆزییانەوە روویان لە توركیا كردووە و وتی "لە ئێستادا نزیكەی یەك ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار ئاوارە لە توركیایە، كاتێك لە دەرەوەی سەیری ئەو پرسە بكەین تەنیا وەكو پرسی ئاوارەكان بەرچاو دەكەوێ، بەڵام بۆ توركیا چەندین كێشەی جیاجیای لەگەڵ خۆیدا ھێناوە، لە بواری ئەمنی، ئابووریی و چەندین كێشەی دیكەی بۆ توركیا دروست كردووە، ئایا ئەگەر 1 ملیۆن و 500 هەزار كەس ئاوارە رووی لە وڵاتانی ئەوروپایی كردبا ئەوا چەند جۆرە كێشەیەك سەری ھەڵدەدا ؟ بۆیە پێویستە وڵاتانی جیھان زۆر بە باشی ھەست بەو رەوشە بكەن كە توركیای تێدایه‌، لە بوارە جیاجیاكاندا كەناڵەكانی راگەیاندن بە تایبەتی میدیاكانی ئەمریكا لە نووسینەكانی خۆیاندا باسی ئەوە دەكەن كە دەبێ توركیا وا بكا و وا نەكا، با بێن خۆیان لە شوێنی توركیا دابنن و ئینجا ئەو شتانە بنووسن و داوای ھەڵوێست لە توركیا بكەن. چونكە كاتێك لەو بوارەدا شتێك دەنووسن یا ھەڵسەنگاندن دەكەن ناحەقی دەرحەق بە توركیا دەكەن."

مصدر: awene.com

إلى صفحة الفئة

Loading...