به‌ زوویی مووچه‌ی مامۆستایان دابه‌شده‌كرێت

18 سبتمبر, 2014 09:02 ص

124 0

وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ره‌تیده‌كاته‌وه‌ ئه‌وان فۆڕمی دامه‌زراندن دابه‌ش بكه‌ن، راشیده‌گه‌یه‌نێت، به‌ زوویی مووچه‌ی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی وه‌زاره‌ته‌كه‌یان دابه‌شده‌كرێت.

فاتیح مه‌وله‌وی‌ زاده‌، وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، له‌ لێدوانێكی‌ تایبه‌ت، بۆ خه‌ندان وتی‌" وه‌زیری‌ په‌روه‌رده‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی‌ دارایی چه‌ند جار گفتوگۆی‌ كردووه‌، سه‌باره‌ت به‌ دواكه‌وتنی‌ مووچه‌ی‌ مامۆستایان و دابه‌شنه‌كردنی‌".

راشیگه‌یاند: وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌كانی‌ تر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ رێژه‌یه‌كی‌ زۆر فه‌رمانبه‌ر و مامۆستای هه‌یه‌، كه‌واته‌ رێژه‌یه‌كی‌ زۆرتر پاره‌ی‌ پێویسته‌ له‌ چاو وه‌زاره‌ته‌كانی‌ تر، ئه‌و قه‌یرانی‌ داراییه‌ش كه‌ رووی‌ كردوه‌ته‌ هه‌موو ده‌زگاكانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، وه‌زاره‌تی‌ په‌وه‌رده‌ش له‌وه‌ بێبه‌ش نه‌بووه‌.

وتیشی: "مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ هه‌وڵداین پێشبینی‌ ده‌كرێت له‌ زووترین كات مووچه‌ی‌ سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ر و مامۆستایانی‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ دابه‌شبكرێت".

راشیگه‌یاند: "داوامان له‌ مامۆستایان ئه‌وه‌یه‌ چۆن پێشتر پشوو درێژیان نواندووه‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌، ئه‌و ماوه‌یه‌ش له‌به‌ر ئه‌م بارودۆخه‌ی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا هه‌یه‌، ره‌چاوی‌ بارودۆخی‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌ده‌ بكه‌ن به‌ ئه‌ركی‌ پیشه‌یی‌ خۆیان هه‌ستن و له‌و كاته‌دا هاوكاری‌ كه‌رتی‌ په‌روه‌رده‌ بن، بیریش له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی‌ گه‌ڵه‌كه‌مان له‌وه‌ گرنتگتره‌، ئه‌گه‌ر چی‌ ئه‌وانیش حه‌قی‌ خۆیان داوای‌ داواكاری‌ خۆیان بكه‌ن".

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد: "ئێمه‌ ره‌تی‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ فۆرمی‌ دامه‌زراندن دابه‌شبكه‌ین و ئه‌و هه‌واڵه‌ی‌ باسی‌ فۆرمی‌ دامه‌زراندن ده‌كات له‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ راستی‌ نیه‌وه‌ ئه‌وه‌ ئیشی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانه‌ نه‌ك وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌".

مصدر: xendan.org

إلى صفحة الفئة

Loading...