رونكردنه‌وه‌یه‌كی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان له‌سه‌ر نرخی به‌نزین

15 سبتمبر, 2014 03:53 م

62 0

هەولێر، ئاوێنه‌نیوز: وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كیدا ئه‌مڕۆ(دوو شه‌ممه‌) رایگه‌یاند، بە پێویستی دەزانێت هەندێک لە "لێکدانەوە هەڵەکانی نرخی بەنزین" راست بکاتەوە کە لەلایەن د. عیزەت سابیر،سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابووری وەبەرهێنانی پەرلەمانی کوردستانەوە لە نامەیەکی کراوەدا خرابوونەڕوو.

لە نامەکەیدا، پەرلەمانتارەکە رایگه‌یاندووه‌ کە حکومەتی هەرێمی کوردستان قازانجێکی زۆر دەکات لە فرۆشتنی بەنزین بە نرخی ٩٠٠ دینار بۆ هه‌ر لیترێک‌و وتبووی تێچووی بەنزین بۆ یەک لیتر ته‌نها ٤٠٠ دیناره‌ لەسەر حکومەتی هەرێم‌و به‌مه‌ش له‌ هه‌ر لیترێكدا 500 دینار قازانج ده‌كات، هاوكات له‌ پارێزگای کەرکوکیش لیترێک بەنزین بە ٨٠٠ دینار دەفرۆشرێت.

وه‌زاره‌تی ناوبراو رایگه‌یاندووه‌ كه‌ "لێکدانەوە سەرەتاییەکانی پەرلەمانتارەکە راست نین..لێکدانەوەکەی بۆ تێچووی بەرمیلێک بەنزین لەسەر حکومەتی هەرێم بەم شێوەیەی خوارەوەیە: ٣٠ دۆلار دەدرێت بە کۆمپانیای بەرهەمهێن؛ ١٧ دۆلار لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دەدرێت بە پاڵاوگە؛ ٣ دۆلاریش کرێی گواستنەوەیە. واتە ٣٠ + ١٧ + ٣ = ٥٠ دۆلار. پاشان ٥٠ دۆلارەکە دابەش دەکات بەسەر ١٥٣ (کە بریتیە لە ژمارەی لیتر بۆ هەر بەرمیلێک بەپێی گریمانەی ئەو کە بەدەست دێت پاش پاڵاوتن) تاکو نرخی یەک لیترمان دەست بکەوێت کە ٣٣ سەنتە. بە نرخی ١٢٠٠ دینار بۆ هەر دۆلارێک، نرخی لیترێک دەکاتە ٤٠٠ دیناری عێراقی."

وه‌زاره‌ته‌كه‌ رایگه‌یاندووه‌ كه‌ "ئەو ١٥٣ لیترەی ئاماژەی پێ دەدات هەمووی بریتی نیە لە بەنزین، بەڵکو تەنها ٢٠٪ ی ئەم بڕە دەبێتە بەنزین، ئەوەی دەمێنێتەوە دەبێتە بەرهەمی تر کە بەهایان کەمترە لە بەنزین..ئینجا راستیەک هەیە، تێچووی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان زۆر زیاترە لە ٣٠ دۆلار بۆ بەرمیلێک لە نەوتی خاو کە ئەو لە لێکدانەوەکەیدا گریمانەی بۆ کردووە."

"تەنانەت ئەگەر ژمارەکانی پەرلەمانتارەکە بە ‌هێند وەرگرین بۆ تێچووەکانی بەرهەمهێنان، ئەوا دەبێت ١٠٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک زیاد بکەیت چونکە بەغدا لەسەر حکومەتی هەرێم حسابی دەکات وەک نرخی بازاڕ لەبەر بەکارهێنانی ئەم نەوتە و لە بودجەی هەرێمی دەبڕێت. بەم پێیە، کۆی تێچوونەکان پێویستە بە ١٥٠ دۆلار بۆ بەرمیلێک حساب بکرێت نەک ٥٠ دۆلار بۆ بەرمێلێک وەک پەرلەمانتارەکە ئاماژەی بۆ کردووە..ئەمەش نرخی لیترێک سێ ئەوەندە زیاتر دەکات بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەچاو ئەوەی پەرلەمانتارەکە لێکدانەوەی بۆ کردووە: کەواتە ١٢٠٠ دینار دەکات نەک ٤٠٠ دینار وەک پەرلەمانتارەکە ئاماژەی پێکردووە." " له‌ رونكردنه‌وه‌كه‌ی وه‌زاره‌تدا هاتووه‌.

ئه‌وه‌شی‌ راگه‌یاندووه‌ كه‌ "حکومەتی هەرێمی کوردستان ٣٠ دۆلار وەک تێچووی کۆمپانیاکان دەدات (بە پێی گریمانەی پەرلەمانتارەکە). ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی نەوتەکەی هەناردە بکردایە، ئەوا دەگەیشتە ١٠٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، واتە بە قازانجی ٧٠ دۆلار..ئەگەر هیچ توانایەکی پاڵاوتن لە کوردستاندا بوونی نەبوایە، ئەوا حکومەتی هەرێم بەرهەمەکانی وەک بەنزینی لە دەرەوە لە بازاڕە نێودەوڵەتیەکانەوە هاوردە دەکرد بە نرخی ١٥٢ دۆلار بۆ بەرمیلێک (ئەمەش بە پێی نرخی نێودوەڵەتی ٩٥٠ دۆلار بۆ یەک تەن لەگەڵ تێچووەکانی گواستنەوە بە ٢٠٠ دۆلار بۆ یەک تەن بۆ کوردستان)."

١٥٢ + ٣٠ – ٧٠ = ١١٢ دۆلار (٩٠٠ دینار بۆ لیترێک، بە گریمانەی ئەوەی کە ١٥٩ لیتر هەیە لە بەرمیلێکدا).

سەرباری ئەوە، دووبارە دەبێت ١٠٠ دۆلاری تر بۆ هەر بەرمیلێک زیاد بکرێت بۆ ئەو ژمارەیەی سەرەوە چونکە بەغدا داوای دەکات لە حکومەتی هەرێم و لە بودجەی هەرێمی دەبڕێت، ئەمەش تێچووی بەرمیلێک لە بەرهەمەکان دەگەیەنێتە ٢١٢ دۆلار، واتە ١٧٠٠ دینار بۆ هەر لیترێک نەک ٤٠٠ دینار وەک لەلایەن پەرلەمانتارەکەوە لێکدانەوەی بۆ کراوە.

سەبارەت بە کەرکوک کە لیترێک بەنزین بە ٨٠٠ دینارە، مایەی سەرسوڕمانە کە پەرلەمانتارەکە نەیتوانیوە تێبینی بکات کە ئەو سووتەمەنیەی کەرکوک کە ئەو ئاماژەی بۆ دەکات پێکهاتەیەکی پلە نزمی تێدایە کە پێی دەڵێن نەفتا کە بەنزین نیە چونکە ژمارەیەکی نزمی ئۆکتانی هەیە کە (٨٠)یە لەگەڵ راددەیەکی زۆر لە ماددەی گۆگردی مەترسیدار بە رێژەی (٣٠٠ بۆ ٥٠٠ پی پی ئێم). ئەمە بە بەراورد لەگەڵ بەزینی خاوێنی هەرێمی کوردستان کە ئۆکتانی بەرزە لەنێوان (٨٨) بۆ (٨٩) دایە و بڕی (٥٠ پی پی ئێم) کەمتر لە گۆگردی تێدایە کە هاوتایە لەگەڵ باشترین پێوەرە نێودەوڵەتیەکان.

مصدر: awene.com

إلى صفحة الفئة

Loading...