رزگاربویه‌كی‌ ده‌ستی‌ داعش: چاوه‌ڕوانی‌ دایك‌و چوار خوشكه‌كه‌مم‌

16 سبتمبر, 2014 07:31 ص

40 0

له‌ناو ئه‌و سه‌دان ئێزدیه‌ ئاوارانه‌ی‌ ئێستا له‌ناوچه‌كانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ زاخۆ، جێگیركراون، چه‌ندان چیرۆكی تراژیدی‌ هه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ هه‌ڵگری‌ ئه‌م چیرۆكانه‌ن ئێستا رۆژانه‌ به‌شێكی‌ زۆریان له‌بێجێگه‌یی‌ ‌له‌سه‌ر شه‌قام‌و بندارو كۆڵان‌و شوێنه ‌گشتیه‌كان شه‌وو رۆژ به‌رێده‌كه‌ن.

فه‌واز سه‌فیل عمو، گه‌نجێكی ڕه‌شپۆشی موزه‌ردی چاوكاڵ بو، له‌یه‌كێك له‌ژێر خێمه‌كانی كه‌مپی وارگه‌ ‌به‌خه‌مباریه‌وه ‌دانیشتبوو چیرۆكی‌ رزگاربونی‌ له‌ده‌ستی‌ چه‌كدارانی‌ داعش بۆ ئاوێنه‌ گێڕایه‌وه‌، "دوای ئه‌وه‌ی كه‌ چه‌كدارانی داعش ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ی ئێمه‌دا، ئێمه‌یان ده‌ستبه‌سه‌ركردو دواتر ژن‌و پیاوه‌كانیان لێكجیاكردینه‌وه‌و پیاوه‌كانیان بردین بۆ سه‌ر چاڵێك‌و وتیان ببن به‌سێ ڕیزه‌وه".

فه‌واز لێره‌دا وه‌ك تراژیدیای‌ كاره‌ساته‌كه‌ی‌ بیركه‌وتبێته‌وه‌، كه‌مێك وه‌ستاو پاشان زۆری‌ له‌خۆی‌ كرد بۆ ئه‌وه‌ی‌ وته‌كانی‌ له‌ده‌م بێنه‌ده‌رو به‌ردوامبو، "‌دوای ئه‌وه‌ چه‌كدارانی‌ داعش كه‌وتنه ‌گوله‌بارانكردنی ئێمه‌، من له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی ته‌قه‌كان خۆم خسته‌ خواره‌وه‌، دواتر لاشه‌ی ئه‌و كه‌سانه ‌ده‌كه‌وتن به‌‌سه‌رمدا كه ‌به‌گوله‌ی چه‌كداره‌كانی داعش شه‌هید ده‌كران".

وه‌ك فه‌واز بۆ خۆی‌ گێڕایه‌وه‌، ئه‌و به‌موعجیزه‌ رزگاری‌ بوه‌و دوای ماوه‌یه‌ك له‌ژێر ته‌رمه‌كان هاتوه‌ته‌‌ده‌ره‌وه‌و به‌ناو چه‌ندین به‌ربه‌ستی‌ ترسناكدا رزگاری بوه‌، "به‌ڵام باوكم‌و برایه‌كم له‌گه‌ڵ چه‌ندان خزم‌و جیرانمان له‌وێ شه‌هیدكران، ئێستاش دایكم‌و چوار خوشكم له‌ژێر ده‌ستی چه‌كداره‌كانی داعشدان‌".

مصدر: awene.com

إلى صفحة الفئة

Loading...