ئه‌و گوندانه‌ی گه‌رمارۆمانداون یان ده‌بێت بیڕوخێنین یا به‌دیارییه‌وه‌ دابنیشین

17 سبتمبر, 2014 12:49 م

53 0

ئه‌و گوندانه‌ی گه‌رمارۆمانداون یان ده‌بێت بیڕوخێنین یا به‌دیارییه‌وه‌ دابنیشین

په‌رله‌مانتارێكی پێشمه‌رگه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌و گوندانه‌ی كه‌ گه‌رمارۆیانداون یان ده‌بێت بیڕوخێنن یاخود ده‌بێت به‌دیارییه‌وه‌ دابنیشن.

ئاری هه‌رسین كه‌ خۆی وه‌ك په‌رله‌مانتارێكی پێشمه‌رگه‌ ده‌ناسێنێت له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ خه‌ندان، وتی: "دوێنێ له‌ شه‌ڕه‌كه‌ی گوندی (حه‌سه‌ن شام)دا، ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگاداربم هه‌شت شه‌هیدمان داوه‌ كه‌ هه‌موویان به‌ هۆی (بۆمب)ی چێندراوه‌وه‌ شه‌هید بوون".

وتیشی‌: "ئه‌و گوندانه‌ی گه‌رمارۆمانداون گرتنه‌وه‌ی ئاسانه‌، به‌ڵام سه‌رجه‌م كه‌لوپه‌ل و ڕێگاوخانووه‌كانی ئه‌و گوندانه‌ بۆمبڕێژكراون، یان ده‌بێت ئه‌و گوندانه‌ بڕوخێنین یاخود ده‌بێت به‌دیاریانه‌وه‌ دابنیشین".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت: "ده‌بێت تیمێكی باشی مه‌شقپێكراو بۆ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی (بۆمب) بهێنرێته‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ بۆ ئه‌وه‌ی زیانی پێشمه‌رگه‌ كه‌م بكاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وكاره‌ بكرێت ڕێژه‌ی شه‌هیدی پێشمه‌رگه‌ كه‌م ده‌بێته‌وه‌ و ئاسانتریش ده‌توانین ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و گوندانه‌دا بگرین".

هه‌رسین ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه‌ له‌ میحوه‌ری (موسڵ)ه‌وه‌، تا ده‌گاته‌ ناوچه‌ی (حه‌مدانیه‌) له‌ سه‌دا 80ی له‌ داعش پاككراوه‌ته‌وه‌، "به‌ڵام ئه‌گه‌ر شه‌ڕه‌كه‌ش كۆتایی بێت ئه‌وا ئه‌و ناوچانه‌ هیچی پارێزراو نین به‌هۆی ئه‌و بۆمبه‌ چێنراوانه‌وه‌، وه‌كو چۆن له‌سه‌ر ده‌می حكومه‌تی به‌عسدا شاخه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی مینڕێژكرابوون، ئه‌و ناوچانه‌ش بۆمبڕێژكراون، ده‌بێت ئه‌و هاولاَتیانه‌ی كه‌ له‌م ناوچانه‌ده‌ژین زۆر به‌ هه‌ستیارانه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ن".

ئاری‌ هه‌رسین روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ "ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراق چاره‌سه‌رێكی ئه‌و كێشه‌یه‌ بكه‌ن، چونكه‌ زۆربه‌ی ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی كه‌ له‌ میحوه‌ره‌كه‌ی ئێمه‌دا شه‌هید ده‌بن به‌هۆی بۆمبی چێنراوه‌وه‌یه‌".

پێشتریش ده‌زگای مین له‌ هه‌رێمی كوردستان هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی دڵنیاكرده‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وام له‌هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ ده‌بن كه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی لێیه‌ و ئاگاداری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌شی كرده‌وه‌ كه‌ (بۆمب) زۆر مه‌ترسیدار تره‌ له‌ (مین)، هه‌روه‌ها ده‌زگای مین هۆشداریشی دابووه‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ كه‌ به‌هه‌ستیارانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ن له‌و شوێنانه‌ی كه‌ (بۆمب)ی لێیه‌.

مصدر: xendan.org

إلى صفحة الفئة

Loading...