ئایا مالكی دەستی لەكوشتنی خۆشەویستەكەی نزار قەببانی هەبووە؟

16 سبتمبر, 2014 08:23 م

101 0

كارزان عەبدولغەفوور، سلێمانی: بەڵقیس ئەلڕاوی ژنی دوەمی نزار قەببانی‌و خۆشەویستترین کەسی ئەو شاعیرە کچێکی عێراقییە و لە ٢٤/٣/١٩٣٩ لەکەنار ڕوباری دیجلە لەدایک بووە.

دواتر خێزانەکەی لە ئەعزەمییە نیشتەجێ دەبن، بەڵقیس کچێکی زۆر جوان بووە، کاتێک قەبانی لەشەستەکانی سەدەی ڕابردوودا سەردانی عێراق دەکات‌و لەکاتی شیعر خوێندنەوە لەهۆڵێکدا چاوی دەچێتە سەری‌و عاشقی دەبێت، بەڵام کاتێک دەچێتە داخوازی باوکی بەڵقیس ڕازی نابێت‌و نزار قەببانی بەدڵشکاوی عێراق جیدەهێڵێت.

عێراقیەکان سۆزیان بۆی دەجوڵێت‌و کاتێک باسەكە بە"ئەحمەد حەسەن بەکر"ی سەرۆکی ئەوکاتی عێراق باس دەگاتەوە وەزیری گەنجان "شەفیق کەمالی" و "شازل تاقە" بریکاری وەزارەتی دەرەوە، کە هەردوکیان شاعیر بوون دەنیرێت بۆ داخوازی باوكی ئەو كچەی كە نزار قەبانی دڵی پێوەیەتی.

ئەمجارەیان باوکی بەڵقیس ڕازی دەبێت‌و شووی پێ دەکات، ئەوچەند ساڵەی کە لەگەڵ بەڵقیس پێکەوە ژیاون، قەببانی بەخۆشترین ساڵەکانی تەمەنی خۆی دادەنێت‌و ڕۆژی تیرۆرکردنەکەشی، بە ڕۆژی مردنی قەسیدەکانی خۆی دەداتە قەڵەم.

دوای هاوسەرگیرییەکەیان، بەڵقیس لە پاشکۆی کەلتووری باڵوێزخانەی عێراق لە لوبنان دەستبەکار دەبێت‌و لە نزار کوڕو کچێکی دەبێت بە ناوەکانی "عومەر" و "زەینەب"..

تا دوا جار لە تەقاندنەوەی باڵوێزخانەی عێراقی لە لوبنان، بە دەستی حیزبی دەعوەو بەسپۆنسەری ئێران دەکوژرێت.

لە ١٥\١٢\١٩٨١ دا باڵوێزخانەی عێراقی لەبەیروتی پایتەختی لوبنان دەتەقێنرێتەوە، ئەوکات تۆڕێکی تیرۆۆرستی بەناوی "جیهادی ئیسلامی" بەرپرسیاری خۆی ڕاگەیاند لەو کردارە، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ڕۆژنامەی موستەقبەلی لوبنانی کەوتوون، کاتی تەقینەوەکە، مالکی بەرپرسی باڵی سەربازی حیزبی دەعوە بووە لە پایتەختی سوریا دانیشتوەو لەوێوە سەرپەرشتی خانە چەکدارەکانی کردووەو ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی ئەو تۆڕەی کردووە، کە کرداری تەقاندنەوەی باڵوێزخانەی عێراقیان لە بەیروت ئەنجامداوە.

ڕۆژنامەکە زیاتر دەنوسێت: "سەرچاوەکانمان وتویانە لەماوەی نێوان هەردوساڵی ١٩٨١ و ١٩٨٢ ئەبوئیسڕائی مالکی، کەناوی نهێنی نوری مالکییە، هەستاوە بە دامەزراندنی خانەی تیرۆرستی "جیهادی ئیسلامی" لە بەیروت لەسەر ڕاسپارەدەی حیزبی دەعوە، ئەوکات هەر یەک لە "شێخ محەممەد عەبدولحەلیم زوهەیری" و "عیماد جەواد موغنییە" و "عەلی موسەوی" ناسراو بە "حاجی ئیلیاس"ی لەگەڵ بووە، کە دواتر لەکوێت دەستگیرکراو لەگەڵ داگیرکردنی کوەیت لە زیندان ناوبراو هەڵدێت.

ئەو خانەتیرۆرستییەش لەلایەن باڵوێزی ئێرانەوە لە دیمەشق "عەلی ئەکبەر موحتەشەمی"یەوە سەرپەرشتی دەکرا، کە دواتر دەبێتە وەزیری ناوخۆی ئێران و ناوبراو ڕۆڵی بەرچاوی لەڕێکخستن و دروستکردنی حیزبوڵڵای لوبنانیدا هەبووە".

هەرچی عیماد موغنییە"یەیە، کوڕی "جەواد موغنیە"ی کەسی دوەمی ناو حیزبوڵڵایە، بەپێی گیڕانەوەکانی حیزبوڵا لەگەڵ "هادی نەسروڵا"ی کوڕی حەسەن نەسروڵڵا"ی سەرۆکی حیزبوڵڵا لە هێرشی ئیسڕائیل بۆ باشوری لوبنان ساڵی ١٩٩٧ کوژرا، بەڵام بەپێی گیڕانەوەکانی ڕۆژنامەنووسی ناودار "ئەنوەر مالک" لە کتێبەکەیدا دەربارەی بەڵگەنامە نهێنییەکانی موخابەراتی سوریا، دەردەکەوێت بەپێی ئەو بەڵگەنامانە هادی و عیماد لە شەڕێکدا لەناو یانەیەکی شەوانەی بەیروت لەسەر کچیک بەچەقۆ کوژراون‌و دواتر بۆ ڕێگرتن لەئابڕوچوونی نەسڕوڵڵا، تەرمەکانیان دەگوازرێنەوە بۆ باشوری لوبنان‌و مەیدانی جەنگ بۆ ئەوەی بوترێت لەوێ لەشەڕ دژی ئیسرائیل شەهید كراوە.

ڕۆژنامەی موستەقبەل دەنوسێت "موحتەشەمی، کە ئەوکات باڵوێزی ئێران بوو لەسوریا، ستراتیژێکی بۆ خانەی جیهادی ئیسلامی داڕشتبوو، ئەویش هێرشکردنەوە سەر ئامانجە ئەمریکی و عێراقییەکان لەسوریاو لوبنان، ئەو ڕیکخراوەش چەندان کاری تیرۆرستی ئەنجامدا و لەناویشیاندا تەقاندنەوەی باڵوێزخانەی عێراق بووە".

"دوای ئەنجامدانی ئەو تەقینەوەیە، هەریەک لە مالیکی و عیماد جەودا موعنییە و شێخ محەممەد زوهێری، لەترسی دەستگیرکرانیان بەهاوڕییەتی موحتەشەمی ڕایان کرد بۆ ئێران".

سەرچاوەکان دەڵین، خێزانی قوربانیە عێراقییەکان لەو تەقینەوەیەدا چەند جارێک پێشتر داوایان لەدەسەڵاتدارانی لوبنان کردووە، لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە بکەن، لەپێش هەموشیانەوە خانەوادەی ڕاوێژکاری ڕۆژنامەوانی باڵوێزخانەکە "خارس تاقە" کە لە تەقینەوەکەدا کوژرا.

ئەم تەقینەوەیە دڵی نزار توند دەكات، دەربارەی تەقینەوەکە ئەو شاعیرە وتویەتی " ئەو بەیانییە، لە نوسینگەکەی خۆم لە شەقامی حەمرا دانیشتبووم، کاتێک گوێم لەدەنگی تەقینەوەکە بوو، هەموو لەشم لەرزی، هاوارم کرد خوایە هاوار بیپارێزە، دواتر کاتێک هەواڵەکە هات، باڵوێزخانەی عێراقییان تەقاندەوە، وتم تەواو بەڵقیس تەواو، ئێستاش پرشکی ئەو قسانە لەجەستەمدا ماوە، هەستم کرد ئیتر تەواو ژیانیان لە بەلقیس سەندەوە.. هەستم کرد ئیتر بەڵقیس بەجێم دەهیڵێت، بەڵام پاشماوەکانی لەدەوروبەرم دەمێننەوە.. بەڵقیس مێرگی ژیانم بوو، پەناگەم بوو، شوناس و قەڵەمی من بوو..".

بەڵقیس وەک خاتونێکی خەباتکار لەڕیزی بزوتنەوەی فەتحیشدا کاری کردووە، بۆیە لەکاتی تیرۆرکرانەکەی یاسر عەرەفات بەپەلە دەگاتە شوێنی ڕوداوەکەو بەقسەی شایەتحاڵەکان ئەوەندەی نزار بێحەواس بووەو دواتریش لەکاتی ناشتنیدا بە هەردوو ئاڵای فەلەستینی‌و عێراقی دادەپۆشرێت.

لە ١٥/١٢/١٩٨١دا ئوتومبیلیکی بۆمبڕێژکراو لەبەردەم باڵوێزخانەی عێراقی لەلوبناندا تەقیەوە و نزیکەی ٦٠ کەس کوژران‌و دەیانی تر بریندار بوون، لەئێستادا خێزانی بەڵقیس دەیانەوێت لەرێی دادگاوە پیاوی یەكەمی حزبی دەوڵەتی یاساو سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق، نوری مالكی بدەنە دادگا.

٤. كیف سلبته ابنە العراق 'بلقیس' عقله وقلبه؟ خالد النجار.. جریدە الاتحاد.. زمانحاڵی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

مصدر: awene.com

إلى صفحة الفئة

Loading...